هەفتەی کارسازیی جیهانی گەورەترین کەمپینی نێودەوڵەتییە بۆ بردنەپێشەوەی کارسازی. چالاکییەکە تایبەتە بەو کارسازانەی خاوەنی کارێک یاخود بیرۆکەی کارێکن و دەیانەوێت هەلی کار بڕەخسێنن و پلان بۆ پڕۆژەی نوێ دابڕێژن بۆبەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات و باشترکردنی ژیانی تاکەکان. هەفتەی کارسازیی جیهانی ساڵانە لە 170 وڵاتی جیهان لە 16 بۆ 22ی نۆڤەمبەر بەرێوەدەچێت. لەم هەفتەیەدا، هەزاران کار و چالاکی دەبنە هۆی هاندانی چەندین کەس لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەشداریکردن لە کارسازیدا.

هەفتەی کارسازیی جیهانی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ڤیم فاوندەیشن بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا لە هەردوو شاری سلێمانی و کەرکوک بەڕێوەچوو. 18ی نۆڤەمبەر لە شاری کەرکوک بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆکار و لە 19 بۆ 21ی نۆڤەمبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی بە ڕەچاوکردنی دووری کۆمەڵایەتی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەچوو.

هەفتەی کارسازیی جیهانی لە شاری سلێمانی بە کۆمەڵێک چالاکی و بەرنامەی جیاواز بەڕێوەچوو، لەوانە بانگهێشتکردنی حەوت کارسازی ناوخۆیی کە لە ئێستادا خاوەنی کاری بچووکن و لە بازاڕی کوردستاندا دەفرۆشن. مەبەست لە بانگهێشتکردنیان پێدانی پلاتفۆرمێک بوو کە تیایدا بتوانن کار و تواناکانی خۆیان نیشانبدەن و ئەزموونی خۆیان بۆ ئەو گەنجانە بخەنەڕوو کە دەیانەوێت دەست بە کاری خۆیان بکەن. یەکێکیتر لەو بەرنامانەی لەم هەفتەیەدا بەڕێوەچوو دەستبەکارکردنی ئەو 11 کارسازە بوو کە بوونەتە براوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆگرامی دەستپێشخەری پڕۆژەی بچووک. لەو سێ ڕۆژەدا ئەو گەنجە خاوەن بیرۆکانە توانیان پڕۆژەکانیان بۆ سەردانکەران ڕوونبکەنەوە و ئەزموون و ڕاهێنانێکی بەسوود وەربگرن لە چۆنێتی کارکردن و مامەڵەکردندا.

هەر لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا و بۆ زیاتر باسکردنی کار و کارسازی لە کوردستاندا، حەوت پانێڵ بە میوانداری کەسانی شارەزا بەڕێوەچوو. هەر یەک لەو پانێڵانە باسی لە بابەتێکی جیاواز کرد لە چوارچێوەی کارسازیدا و تیایاندا جەخت لەسەر گرنگی و بەهای هەبوونی کار و بیرۆکەی کار و کارسازان لە کوردستاندا کرا.

بابەتی پانێڵەکان بریتیبوون لە:

  • کارسازی و هەوڵەکانی حکومەت لەم بوارەدا
  • بەربەستەکانی بەردەم ژنانی کارساز لە هەرێمی کوردستان
  • سەرچاوەکانی کشتوکاڵ و پیسبوونی ئاو و کارسازی لە بواری کشتوکاڵ
  • توندوتیژی خێزانی و کاریگەری ژنانی کارساز لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی
  • بازرگانی بە ئاژەڵە کێوییەکان و نەشتەرگەری ئاژەڵان لە کوردستان
  • هونەر لە چوارچێوەی کارسازیدا
  • یەکگرتنی پەروەردە و دەستپێشخەرانی کار: بەرەنگاری دەرچووان بەرەو سەرکەوتن

بە خۆشحاڵییەوە هەفتەی کارسازیی جیهانی لە سلێمانی بە میواندارییەکی زۆر و دەنگدانەویەکی گەورە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.

Leave a Reply