هەفتەی کارسازی جیهانی بۆ ساڵی 2020 لە شاری سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی میسۆپۆتامیا لە ڕۆژانی 19 بۆ 21ی نۆڤەمبەر بەڕێوەچوو. بۆ ئەم سێ ڕۆژە کۆمەڵێک چالاکی و بەرنامە و پانێڵ لەبارەی کارسازی لە کوردستاندا لە لایەن ستافی دامەزراوەی ڤیم ئامادەکرا، کە ئامانج لێیان پاڵپشتیکردنی بەهرە و توانای ناوخۆیی و خستنەڕوو و باسکردنی ئەو کێشانەبوو کە رووبەڕووی خاوەنکارانی کورد دەبێتەوە لە هەرێمەکەدا. بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەفتەی کارسازی جیهانی کرد و کار و بیرۆکەی هەریەک لە حەوت کارسازە ناوخۆییەکە و یانزە براوەکەی پرۆگرامی دەسپێشخەری پرۆژەی بچووکی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی و سەرسامی خۆی بۆ ئەم گەنجانە دەربڕی.

هەر لە هەفتەی کارسازی جیهانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە گفتوگۆیەک لەگەڵ جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ڤیم، سەبارەت بە کارسازی و هەوڵەکانی حکومەت لەم بوارەدا بەشداریکرد . لە پانێڵەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەو کێشە و قەیرانانە کرد کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان خستە روو و روونیشیکردەوە باشترین کار ئەوەیە لە کاتی قەیراندا دەرفەت بقۆزینەوە.

هەر لە پانێڵەکەدا، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر گرنگی تواناکانی ژن و هەبوونی ژنانی کارساز کردەوە لە کوردستاندا و باسی لەوە کرد “هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێمان ڕادەگەیەنن ئەو وڵاتانەی ڕۆڵی ژن تێیاندا زۆرە پێشکەوتووترن لەو وڵاتانەی پیاوسالاری تیێاندا زاڵە”.

Leave a Reply