لەدرێژەی چالاکییە هونەرییەکانیدا بۆ خزمەتکردنی هونەری شێوەکاری و شێوەکارانی کورد، پرۆژەی ئارتفرۆش پێشانگەی (بۆچی جەنگ؟)ی هونەرمەند بەیان جافی لە دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی کردەوە.

ناونیشانی پێشانگە لە ناوی کتێبێکی هەردوو زانای بەناوبانگ ئەلبێرت ئەنیشتاین و سیگمۆند فرۆیدەوە وەرگیراوە و بەیان جافی هونەرمەند هەوڵیداوە لەرێگەی تەکنیکی جیاوازەوە برین و ئاسەوارەکانی جەنگ نیشان بدات.

لەبارەی پێشانگەکە بەیان جاف دەڵێت، پرسیاری جەنگ پرسیارێکی زۆر گرنگی مێژووی مرۆڤایەتییە و من ناتوانم بە پێشانگەیەک وەڵامی بدەمەوە. بڕوام بەوە هەیە جەنگ دەچێتەوە ناو ژیانی هەموو مرۆڤێکەوە ئەگەر بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ. بۆیە هەوڵمداوە لەم پێشانگەیەدا بیکەمە چیرۆکێکی گەورە و هەر تابلۆیەک چیرۆکێک دەگێڕێتەوە.

دڵشاد کوێستانی، شێوەکاری ناسراوی کورد و یەکێک لە میوانانی پێشانگەکە، کارە هونەرییەکان بە هەوڵێکی سەرکەوتووی بەیان جاف ناودەبات و دەڵێت، بەیان جاف هەوڵێکی زۆری داوە یادەوەرییەکان نەسڕدرێنەوە. بۆ ئەمەش کۆمەڵێک بیرۆکەی زۆر جوانی بەکارهێناوە و لێرە نمایشی کردوون، لەو رێگەیەوە پێمان دەڵێت شتەکان وردەوردە بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. بۆیە دەبێت مرۆڤەکان بەویژدان بن و نەهێڵن مێژوو و یادەوەرەییەکان کاڵ ببنەوە چونکە ئەوە کاڵبوونەوەی خۆمانی بەدوادا دێت.

پێشانگەی (بۆچی جەنگ؟) دووەمین پێشانگەی ئارتفرۆشە کە پرۆژەیەکی قازانجنەویستی دامەزراوەی ڤیمە و تایبەتە بە برەودان و بەبازاڕکردنی کاری شێوەکارانی کورد لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە بوارەکانی (تابلۆ، پەیکەر، سیرامیک، دیجیتاڵ ئارت).

Leave a Reply