لەدرێژەی چالاکییەکانیدا پرۆژەی ئارتفرۆش پێشانگەیەکی شێوەکاریی بۆ هونەرمەند دڵشاد کوێستانی بەناونیشانی (بۆنی خاک) دەکاتەوە.

لەبارەی پێشانگەکەوە دڵشاد کوێستانی دەڵێت ” شوێن و یادەوەری لای من گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە لە تابلۆکانمدا رەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە. هەوڵمداوە لەتوێی داڕشتنێکی سەربەخۆ و هونەریدا کارەکتەری خۆم نیشان بدەم. لەڕێگەی کاریگەری رەنگ، خۆر و سروشتە ناوازەکەی کوردستان بەشێوەیەکی تێکەڵ و ئۆرگانیزەکراو، دۆزینەوەی پارسەنگێک لەنێوان ئەبستراکت وئێکسپرێشینزیم، دنیایەکی سەربەخۆ بۆ خۆم دروست بکەم و بتوانم خزمەت بە نەتەوەکەم بکات.

دڵشاد کوێستانی یەکێکە لە شێوەکارە ناسراوەکانی کوردستان و ساڵی 1957 لە سلێمانی لەدایکبووە. لەتەمەنی 16 ساڵییەوە دەستیکردووە بە وێنەکێشان و لە 19 وڵاتی جیهان بەشداری پێشەنگای هاوبەشی کردووە و چەندین پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە.

پێشانگەکە بۆ ماوەی مانگێک لە بەرواری ٥/١٥ بۆ ٢٠٢٢/٦/١٥ لە دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی بەردەوام دەبێت.

Leave a Reply