بەبەشداری 50 کۆمپانیا و رەخساندنی زیاتر لە 1900 هەلی کار پێشانگەی هەلی کاری ڤیم لەبەرواری 25 و 26ی حوزەیران لە سلێمانی بەڕێوچوو.

ئامانجی پێشانگەکە هاوکاریکردنی کارخوازان و یارمەتیدانی خوێندکارە دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بوو لە دۆزینەوەی کاری گونجاوی خۆیان. هەروەها دەرفەتێکی گرنگ بوو تاوەکو کارخوازان لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانی پێشانگەکەدا وتی ” دەستخۆشی لە دامەزراوەی ڤیم دەکەم بۆ ئەم کارە گرنگە و پێویستە. ئێمە وەکو حکومەت پشتیوانی ئەم پێشانگەیانە دەکەین و دەستخۆشی لە رێکخەرەکانیان دەکەین”.

پشتگیریکردنی گەنجان و پەرەپێدانی تواناکانیان هەر لەسەرەتاوە یەکێکبووە لە ئامانجە گەورەکانی دامەزراوەی ڤیم و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان سوودمەند بوون لە هاوکارییەکانی دامەزراوەکە.

لاڤە حیکمەت، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیم دەڵێت ” یەکێک لەو بنەمایانەی دامەزراوەی ڤیم کاری لەسەر دەکات پەرەپێدانی گەنجان و تواناکانیانە و پێشانگەی هەلی کاری ڤیمیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە. پێشانگەکە دەبێتە نەریتێکی ساڵانە و ئێمە بەهەمووشێوەیەک پاڵپشتی گەنجان دەکەین”.

بەپێی داتاکان نزیکەی 10 هەزار کارخواز لەماوەی دوو رۆژی پێشانگەکەدا سەردانی پێشانگەکەیان کردووە و بەدوای کاری گونجاوی خۆیاندا گەڕاون.

ئەحمەد نەوزاد، یەکێک لەو کارخوازانەی سەردانی پێشانگەکەی کردووە دەڵێت ” پێشانگەکە دەرفەتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کارخوازان چونکە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا ئامادەبوون و دەتوانیت راستەوخۆ سەردانیان بکەیت. هەروەها هەلی کاری زۆریش رەخسێندرابوو”.

Leave a Reply