دامەزراوەی ڤیم نوێترین پرۆژەی بەناوی ئارتفرۆش راگەیاند و ئامانجی پرۆژەکەش خزمەتکردن و برەودانە بە هونەری شێوەکاری لە کوردستان.

رەبەن عیزەت، رێکخەری پرۆژەی ئارتفرۆش لەبارەی ئامانج و هەوڵەکانی ئارتفرۆش بۆ خزمەتی هونەرمەندان و شێوەکاران دەڵێت ” ئارتفرۆش پلاتفۆرمێکی هونەریی کوردییە و پرۆژەیەکی قازانجنەویستی دامەزراوەی ڤیمە. لەبوارەکانی تابلۆ، پەیکەر، سیرامیک و دیجیتاڵ ئارت کار دەکات”.

پرۆژەی ئارتفرۆش بەکردنەوەی پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندە بەشداربووەکان و بەگەڕخستنی ماڵپەری پرۆژەکە دەستیپێکرد.

تەنیا لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا 13 تابلۆی شێوەکاری، 2 پەیکەر و کارێکی دیجیتاڵ ئارت فرۆشراون.

بەختیار هەڵەبجەیی، پەیکەرساز و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری کە یەکێکە لەبەشدارانی پێشانگەکە دەڵێت ” خۆشبەختانە ئەمجارە دامەزراوەی ڤیم بەشێوەیەکی جوانتر و کوالیتییەکی بەرزتر ئێمەی کۆکردەوە. بایەخدان و دانانی بەها بۆ کارە هونەرییەکان کارێکی گرنگە و گوزارشتە لە رێزگرتن لە کاری هونەری”.

پێشانگەی ئارتفرۆش بۆ ماوەی هەفتەیەک لە دامەزراوەی ڤیم بەردەوام دەبێت.

Leave a Reply