لە هەوڵەکانی دامەزراوەی ڤیم بۆ پاڵپشتیکردنی توانای گەنجی کورد و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پرۆگرامی دەستپێشخەریی پرۆژەی بچووکی ڕاگەیاند. دەستپێشخەری پڕۆژەی بچووک، پرۆژەیەکی دامەزراوەی ڤیمە کە تیایدا دەستپێشخەری دەکات لە دروستکردنی پلاتفۆڕمێک بۆ گەنجانی خاوەن بیرۆکەی کار. ئامانجی پڕۆژەکە پاڵپشتییە لە بیرۆکەی کەسانی بە توانا و گەشەپێدانی بازرگانییە ناوخۆییەکان. ئەو کەسانەی خاوەن کاری خۆیانن یاخود خاوەن بیرۆکەی کارێکن بەڵام بەهۆی ئاستەنگی جیاوازەوە ناتوانن پەرە بە کارەکەیان بدەن، دەتوانن بە بەشداریکردن لەم پرۆگرامەدا بەربەستەکان بشکێنن.

دامەزراوەی ڤیم پاڵپشتی کارگێڕی و دارایی ئەو بیرۆکانە دەکات کە هەریەک لە سێکتەرەکانی بازرگانی، تەکنەلۆژیا، گەشتیاری، خانووبەرە، پیشەسازی، ژینگە، کڕین و فرۆشتن دەگرێتەوە. ئەو گەنجانەی کە بیرۆکەیەکیان هەیە یاخود دەستیان بە پرۆژەکە کردووە و ئاستەنگی پەرەپێدان و کارگێڕی و داراییان هەیە، دەتوانن لە ڕێگەی بەشداریکردن لە دەستپێشخەری پرۆژەی بچووکی دامەزراوەی ڤیم لە شاری سلێمانی ئاستەنگەکان بشکێنن و پەرە بە کارەکەیان بدەن تاوەکو بتوانن ببنە خاوەنکاری خۆیان و هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن. هەروەها ببنە هۆکارێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات.

لە قۆناغی یەکەمی پرۆگرمەکەدا، 11 گەنجی بە توانا بوونە براوە و بەشدارییان لە هەفتەی کارسازی جیهانی کرد . دامەزراوەی ڤیم سەرپەرشتی کارەکانیان دەکات بە پێدانی ڕاهێنان و وانەی پێویست لە بوارەکەی خۆیاندا. وانە و ڕاهێنانەکان لە لایەن کەسانی بیانی شارەزاوە پێشکەشدەکرێت تاوەکو گەنجانی کوردستان بتوانن زۆرترین سود و زانیاری وەربگرن.

بەرواری 20/10/2020 ناوتۆمارکردن بە شێوەی ئۆنلاین دەستیپێکرد و لە بەرواری3/11/2020 کۆتایی پێهات.

Leave a Reply